ئەکسیۆس: گفتوگۆکانی واشنتن و ریاز بۆ راگرتنی جەنگ چڕ بوونەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودییە، پرسی جەنگی ئێران و ئەگەرەکانی گەیشتن بە ئاگربەستیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ئەنجام داوە.

بە پێی هەواڵەکە، لە پەیوەندییەکەدا پرسی "جەنگی ئێران" و ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا دەربارەی گەیشتن بە ئاگربەستێکی ئەگەری لە ئارادان، خراونەتە بەر باس.

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردبوو، کە ترەمپ، جەی دی ڤانسی جێگری راسپاردووە بۆ ئەوەی جەخت لە ئامادەیی واشنتن بۆ ئاگربەست بکاتەوە، بەڵام بەو مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی، کە دیارترینیان کردنەوەی گەرووی هورمزە بە رووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.