رۆیتەرز: ترەمپ ئامادەیە ئاگربەست رابگەیەنێت بەو مەرجەی گەرووی هورمز بکرێتەوە
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا، جێگرەکەی راسپاردووە بۆ ئەوەی ئامادەیی واشنتن بۆ ئاگربەست نیشان بدات، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا و لە سەرووی هەمووشیانەوە کردنەوەی گەرووی هورمز.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا، جەی دی ڤانسی جێگری راسپاردووە بۆ ئەوەی بە نێوەندگیرەکان رابگەیەنێت کە واشنتن ئامادەیە بۆ ئاگربەست، بەو مەرجەی تاران داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، کە گرنگترینیان کردنەوەی گەرووی هورمزە.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، کە جەی دی ڤانس، دوێنێ لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا قسەی کردبوو و پەیامی ترەمپی پێ گەیاندبوون کە تێیدا هۆشداری دابوو لەوەی ئەگەر تاران لەسەر رێککەوتنەکە رازی نەبێت، فشاری زیاتریان دەخرێتە سەر.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، "تەنیا لە یەک کاتدا بیر لە داواکارییەکەی ئێران دەکەنەوە، ئەویش کردنەوەی گەرووی هورمزە بە شێوەیەکی ئازاد و بێ کێشە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.