واشنتن پۆست: ترەمپ تاوتوێی پلانێکی سەربازی بۆ دەستبەسەرداگرتنی 1000 پاوەند یۆرانیۆمی ئێران دەکات

پێنتاگۆن پلانێکی ئاڵۆزی رادەستی دۆناڵد ترەمپ کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی مەترسیدار بە مەبەستی بردنی نزیکەی 1,000 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران. ئەم ئۆپەراسیۆنە، کە شارەزایان بە ئاڵۆزترین ئەرکی هێزە تایبەتەکان لە مێژوودا وەسفی دەکەن، پێویستی بە داگیرکاریی کاتی، بردنە ناوەوەی ئامێری هەڵکەندن و دروستکردنی فڕۆکەخانە هەیە لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای پێشنیازێکی کردووە بۆ چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی ئەو ماددە ناوەکییانەی کە خۆی بە "تۆزی ئەتۆمی" (Nuclear Dust) ناویان دەبات.

پلانەکە بریتییە لە ناردنی هەزاران سەرباز لە هێزە بژاردەکانی وەک (Delta Force) و (Navy SEALs) بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان و نەتەنز، تاوەکوو ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی تاران ببەن کە ئێستا لە ژێر داروپەردووی بۆردوومانەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوودا شاردراونەتەوە.

شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە ئەم ئەرکە لەگەڵ هیچ ئۆپەراسیۆنێکی رابردوو وەک کوشتنی ئوسامە بن لادن یان دەستگیرکردنی مادۆرۆ بەراورد ناکرێت؛ چونکە ئەوانە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا تەواو بوون، بەڵام ئەم پلانە پێویستی بە چەندین هەفتە کارکردن هەیە لە ژێر بارانی مووشەک، درۆن و تۆپخانەکانی سوپای پاسداران. سوپای ئەمریکا دەبێت ئامێری قورسی هەڵکەندن بەرێتە نێو ئێران، دەروازەی تونێلە 300 پێییەکان بپێکێت و فڕۆکەخانەیەکی کاتی دروست بکات تاوەکوو فڕۆکە بارهەڵگرە زەبەلاحەکان بتوانن سلندەرە تیشکدەرەکان بگوازنەوە بۆ دەرەوە.

پیت هەگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەرگری لەم هەڵوێستە کرد و ڕایگەیاند: ئێران نابێت ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی" بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، ئێران خاوەنی 970 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60%، کە تەنیا هەنگاوێکی کورت لە دروستکردنی چەکی ناوەکییەوە دوورە. رافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ماددانە زۆر مەترسیدارن و هەر بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کارەساتی ژینگەیی و تیشکدانەوەی کوشندە.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە، چونکە راپرسییەکان نیشانی دەدەن 62%ی ئەمریکییەکان بە توندی دژی ناردنی هێزی زەمینین بۆ ئێران، بەڵام لە ناو کۆنگرێسدا، لایەنگرانی ترەمپ وەک سێناتۆر لیندزی گراهام و مارک لێڤین فشاری توند دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە و بە تاقە ڕێگەی دەزانن بۆ سڕینەوەی هەڕەشەی ناوەکیی ئێران.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە تاران پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکای بۆ ئاشتی رەتکردەوە. کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، جەختی کردەوە کە پێنتاگۆن تەنیا خەریکی ئامادەکردنی بژاردەکانە بۆ ئەوەی دەستی سەرۆک واڵا بکات، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ" بەسەر ئەو وڵاتەدا ببارێنێت. ئێستا جیهان چاوەڕێی وتارەکەی سبەی شەوی ترەمپ دەکات تاوەکوو بزانرێت ئایا فەرمانی جێبەجێکردنی ئەم "ئەرکە مەحاڵە" دەردەکات یان نا.