محەمەد بن زاید و ترەمپ پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
سەرۆکی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و تێکچوونی ئاسایشی دەریاوانییان تاوتوێ کرد.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتە مەترسیدارەکانیان لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرد.
هەروەها باس لە کاریگەرییەکانی دۆخی ئێستا لەسەر ئاسایشی دەریاوانی نێودەوڵەتی و ئابووریی جیهانی کرا و بیروڕایان دەربارەی ئەو پرسانە ئاڵوگۆڕ کرد.
هەردوو سەرۆک لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیاندا، تیشکیان خستە سەر "دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران" دژی ئیمارات و وڵاتانی ناوچەکە، کە تێیدا مەدەنییەکان و دامەزراوە و ژێرخانە مەدەنییەکان دەکرێنە ئامانج.
جەختیش کرایەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێ کردووە، ئێران هەمیشە بە مووشەک و درۆن وڵاتانی کەنداو بۆردومان دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.