کۆشکی سپی پێش گوتارەکەی ترەمپ چوار ئامانجە سەرەکییەکە لە جەنگی ئێران دووپات کردەوە

چەند کاتژمێرێک پێش گوتارە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەلی ئەمریکا، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" تاوەکوو بەدیهێنانی هەر چوار ئامانجە ستراتیژییەکەی واشنتن دژ بە ئێران، بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئەو هۆکار و ئامانجانەی خستە ڕوو کە بوونەتە هۆی روودانی جەنگی ئێستا. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتارێک سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا (Operation Epic Fury) پێشکەش دەکات، کە کەمپینێکی بڕیاردەرانەی هێزی ئەمریکایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی تواناکانی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهانی ئازاد."

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە، کە سوپای ئەمریکا بە هێز و وردەکارییەکی بێوێنە ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات. هەروەها جارێکی دیکە ئەو چوار ئامانجە سەرەکییەی دووپات کردەوە کە لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگەکە وەک "هێڵی سوور" دیاریکراون، کە بریتین لە:

1- سڕینەوەی تەواوەتی جبەخانەی مووشەکی بالیستی و توانای بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئێران.
2- لەناوبردنی تەواوەتی هێزی دەریایی ئێران.
3- بڕینی هەموو جۆرە پشتیوانی و پەیوەندییەکی تاران لەگەڵ گرووپە چەکدارە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
4- دڵنیابوونەوەی یەکجارەکی لەوەی کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوەکی ناگات.

لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگەکە لە 28ی شوباتی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ و تیمە باڵاکەی بەردەوام جەختیان لەم چوار خاڵە کردووەتەوە وەک مەرجی سەرەکی بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

ئەم راگەیەندراوەی کۆشکی سپی وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ ئەوەی کە ترەمپ لە گوتارەکەی ئەمشەویدا یان سەرکەوتنی تەواوەتی لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە رادەگەیەنێت، یانیش فەرمانی قورستکردنی هێرشەکان دەدات ئەگەر تاران ئامادەی جۆبەدەستەوەدان نەبێت.