ئومێد خۆشناو: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هەولێر 24 کاتژمێر لە ئامادەباشیدایە
پارێزگاری هەولێر تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە کارکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا دەکەن. جەختی کردەوە کە ئاسمانی پایتەخت بە شێوەیەکی بەردەوام و بە نوێترین تەکنۆلۆژیای جیهانی پارێزگاری لێ دەکرێت و هێزەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەک.
چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرابوونەوە سەبارەت بەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر تەنیا لە چەند کاتژمێرێکی دیاریکراودا کارا دەبێت.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە و هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە سیستەمی دژە مووشەک و دژە درۆن لە ئاسمانی هەولێر، بە شێوەی 24 کاتژمێری و لە بەرزترین ئاستی تەکنۆلۆژیای جیهانیدا لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە پڕۆسەی پاراستنی ئاسمانی پایتەخت هیچ کاتێک رانەگیراوە و وەک ئەرکێکی بەردەوام جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی: "گەلێک جار فڕۆکە جەنگییەکان بەشداریی کارا دەکەن لە پاراستنی ئاسمانی شارەکە و تێکشکاندنی ئەو درۆن و مووشەکانەی کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی شارەکە."