فۆکس نیووز: رەنگە ترەمپ ئەمشەو بڕیاری ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئێران رابگەیەنێت
سەرچاوە ئاگادارەکان بە کەناڵی فۆکس نیووزیان راگەیاندووە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارەکەی ئەمشەویدا بۆ گەلی وڵاتەکەی، ئاشکرای دەکات کە رەنگە ناردنی هێزی زەمینی بۆ نێو ئێران پێویست بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتارێکی تایبەت ئاراستەی گەلی ئەمریکا بکات. بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی فۆکس نیووز، ترەمپ لەم گوتارەدا گەلەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە واشنتن تاوتوێی بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی دەکات وەک رێگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی ماوەی مانگێکە لەگەڵ تاران بەردەوامە.
هەر بەپێی سەرچاوەکان، یەکێکی دیکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو هێزە زەمینییەی ئەمریکا لە ئەگەری رەوانەکردنیاندا، بریتی دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە نێو بنکە ناوەکییەکانی ئێراندا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە واشنتن گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی تەنیا لێدانی ئاسمانی ناتوانێت گەرەنتی نەهێشتنی تەواوەتی مەترسییە ناوەکییەکانی تاران بکات.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە هەزاران سەربازی "فیرقەی 82" و هێزەکانی مارێنز گەیشتوونەتە ناوچەکە، و گوتارەکەی ترەمپ وەک راگەیاندنی فەرمیی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار لە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت.