حەشدی شەعبی: ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەکەی تەلعەفەر بۆ 3 کەس بەرزبووەتەوە

دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند؛ ئاماری کوژراوانی ئەو هێرشەی کرایە سەر بارەگای لیوای 53 لە شارۆچکەی تەلەعفەر، بەرزبووەتەوە.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل-ئەمریکا کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی لیوای 53ی لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کردە ئامانج، بۆ سێ کەس بەرزبووەوە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بەرزبوونەوەی ئامارەکە دوای ئەوە دێت یەکێک لە چەکدارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

 ئێوارەی چوارشەممە، بارەگای لیوای 53  حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر بەرەوڕووی بۆردومانێکی ئاسمانی بووەوە. سەرەتا سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لە کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دووانی دیکە کردبوو، بەڵام دواتر بەهۆی مردنی یەکێک لە بریندارەکان، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە سێ کەس.