عێراق نەوتی رەش لە رێگەی سووریاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات
وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی رەش لە رێگەی تانکەرەوە بۆ سووریا کرد و ئاستی هەناردەکردنەکەش بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەناردەکردنی نەوتی رەش لە رێگەی تانکەرەوە بۆ ناو خاکی سووریا دەستی پێ کردووە و ئەم هەنگاوەش بۆ بەهێزکردنی ئابووریی وڵات و زیادکردنی داهاتی دەوڵەتە.
وەزارەتەکە روونیشی کردەوە، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنی سووری کراوە بۆ پاراستنی گەیشتنی بڕە نەوتەکان لە نێو خاکی سووریا تاوەکوو دەروازەکانی هەناردەکردن.
ئەوەشی خستە روو، پرۆسەی هەناردەکردنەکە بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەبێت بە مەبەستی دابینکردنی داهاتی زیاتر بۆ ئابووریی وڵات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەستی پێ کردووەتەوە.
دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە سەرەتای ساڵی 2026، ئاڵۆزییەکان گەیشتنە لوتکە و گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخرا. ئەم پێشهاتە زیانێکی گەورەی بە ئابووریی عێراق گەیاند، چونکە بەغدا رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرد. بە پێی راپۆرتی ئاژانسە ئابوورییەکان، داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەی 80% دابەزیوە و مەترسیی گەورە لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دروست بووە.
18ـی ئەم مانگە، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بە هۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە، بۆیە بەغدا بڕیاری داوە بەشێک لە نەوتەکەی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.