ماکرۆن: پرسی ئەتۆمیی ئێران بە جەنگ چارەسەر نابێت
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریی لە بارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و چارەسەری سەربازی بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران رەت دەکاتەوە. هاوکات رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هەڵگیرسانی جەنگ ناتوانێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران دەستەبەر بکات.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی کەنداو ئاماژەی بەوە دا، هەر پرۆسەیەکی سەربازی بۆ ئازادکردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز هەنگاوێکی ناواقیعی دەبێت.
لە درێژەی قسەکانیدا ئیمانوێل ماکرۆن رەخنەی لە هەنگاوەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ گرت و روونیشی کردەوە، بڕیاری جەنگ لە دژی ئێران لە لایەن ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکانەوە بە شێوەیەکی تاکلایەنانە دراوە، بۆیە ئەوە پرۆسە و کاری فەرەنسا نییە. بەمەش وڵاتەکەی لە هەر هەنگاوێکی سەربازیی پێشبینیکراو بۆ سەر تاران بەدوور گرت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا سەرۆککۆماری فەرەنسا هێرشی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەشی خستە روو، دۆناڵد ترەمپ زیان بە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەگەیەنێت.
ماکرۆن گوتیشی، ترەمپ کاری ناتۆ لاواز دەکات بەهۆی نیشاندانی گومانەکانی سەبارەت بە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە هاوپەیمانییەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.