هەواڵگریی ئەمریکا: ئێران سوود لە تونێل و ئەشکەوتە دەستکردەکان وەردەگرێت
سەرەڕای لێدوانە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە لەناوبردنی توانای موشەکیی ئێران، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیاریی جیاواز دەخەنە ڕوو.
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری بە تۆڕی (CNN)یان راگەیاندووە، هەڵسەنگاندنە نوێیەکان دەریدەخەن تاران هێشتا توانایەکی فراوانی بۆ هاویشتنی مووشەک هەیە.
بەپێی راپۆرتەکە، هەواڵگریی ئەمریکا پێیوایە کە ئێران جگە لە مووشەک، هێشتا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبرێژکراوی هەیە، ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئێران سوود لە تۆڕێکی زۆر ئاڵۆز و فراوانی تونێل و ئەشکەوتە دەستکردەکان وەردەگرێت، کە لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا بۆ شاردنەوە و پاراستنی جبەخانە سەربازییەکانی دروستی کردوون.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی (CNN)دا هاتووە، هێزە سەربازییەکانی ئێران لە جێبەجێکردنی تەکتیکی گواستنەوەی خێرادا سەرکەوتوو بوون، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی سەکۆ گەڕۆکەکانی مووشەکەوە کە رێگەیان پێدەدات بە خێرایی مووشەکەکان بهاوێژن و پێش ئەوەی شوێنەکەیان بکرێتە ئامانج، سەکۆکان بۆ شوێنێکی سەلامەت بگوازنەوە.
ئەم زانیارییانەی ناوەندە هەواڵگرییەکان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی جەخت لەسەر کەمبوونەوەی بەرچاوی توانای سەربازیی ئێران دەکەنەوە، بەڵام راپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا مەترسییەکانی تاران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوامن.