ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی بەحرەین بۆ پاراستنی گەرووی هورمز دوادەخات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، ئەو دەنگدانەی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لەسەر پرۆژە بڕیارێکی پێشنیارکراوی بەحرەین ئەنجام بدرێت، دواخست.

بەگوێرەی کارنامەی فەرمی ئەنجوومەنەکە، بڕیار بوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایش (کە لە 15 ئەندام پێکدێت) دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە بدات، بەڵام شەوی رابردوو خشتەی کارەکان گۆڕدرا و دەنگدانەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری دواخستنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی "هەینیی پیرۆز" (Good Friday) وەک پشووی فەرمی هەژمار دەکات، هەرچەندە ئەم ڕاستییە پێشتر و لە کاتی دیاریکردنی وادەی دەنگدانەکەشدا زانراو بوو.
ئەم هەنگاوەی بەحرەین دوای ئەوە دێت کە ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل -کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست- گەرووی هورمزی داخست، ئەم گەرووەش دەمارێکی زیندووی ئابوورییە و داخستنی هەڕەشە لە دابینکردنی سووتەمەنی دەکات و ئابووری جیهانی ناسەقامگیر کردووە.

جەمال رووەیعی ، نوێنەری هەمیشەیی بەحرەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا لە بەردەوامی ئەم دۆخە و رایگەیاند "بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بەواتای خنکاندن و تیرۆری ئابوورییە بۆ سەر وڵاتانی ئێمە و جیهانیش". هەروەها جەختی کردەوە کە پڕۆژەبڕیارەکە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت، لە "کاتێکی هەستیار و گرنگدا" هاتووە.

لە شەشەم و دوایین رەشنووسی پرۆژە بڕیارەکەدا، رێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدرێت، چ بە شێوەی تاکلایەنە یان لە رێگەی "هاوبەشی دەریایی خۆبەخشانەی فرەنەتەوەیی"، "هەموو ئامرازە بەرگرییە پێویست و گونجاوەکان" بەکاربهێنن بۆ پاراستنی سەلامەتی کەشتییەکان.

ئەم ڕێکارە گەرووی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە، بە مەبەستی "دابینکردنی گەشتی ترانزێت و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک بۆ داخستن، ئاستەنگکردن یان دەستوەردان لە کەشتیوانی نێودەوڵەتی". بڕیارە ئەم ڕێکارە بۆ ماوەی لانی کەم شەش مانگ بەردەوام بێت.