عێراقچی: جارێ زووە بڕیار لەسەر ئەنجامی دانوستانەکان بدەین
عێراقچی: هەرچی لەبارەی دانوستانەکانەوە دەگوترێت پێشبینی و گریمانەیە
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پڕۆسەی دانوستان و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامی هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامەکان؛ داواشی کرد گرنگی بە دەنگۆ و پێشبینییە میدیاییەکان نەدرێت تا ئەو کاتەی ئەنجامێکی کۆنکرێتی بەدەست دێت.
یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پڕۆسەی دیپلۆماسی و دانوستانەکان گوتی: "دانوستان و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان وەک خۆتان دەڵێن لە بەردەوامیدایە، بەڵام تا ئەو کاتەی نەگەینە ئەنجامێکی دیاریکراو، ناتوانرێت بڕیار لەسەر پڕۆسەکە بکرێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی ئەو هەواڵانەی ئێستا بڵاو دەکرێنەوە تەنیا "خەمڵاندن و پێشبینین" "بە بڕوای من نابێت هیچ بایەخێک بەم پێشبینییانە بدرێت تا ئەو کاتەی دەگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، بەڵام تاران هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی دانوستانەکان دەکات.
یەکشەممە 31ی ئایاری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنیا کاتێک رازی دەبێت بە رێککەوتن کە دڵنیابن لە پاراستنی تەواوی مافەکانی گەلی ئێران.
ئەم لێدوانانەی قالیباف هاوکاتن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی توندکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیازێکی نوێی بۆ تاران ناردووە و تێیدا مەرجەکانی بۆ ڕێککەوتن توندتر کردووە، بەتایبەت لەبارەی ماددە ئەتۆمییەکان. قالیباف لەم بارەیەوە گوتی: "تاوەکو دڵنیا نەبین لە پاراستنی هەموو مافەکانی گەلی ئێران، هیچ رێککەوتنێک پەسەند ناکەین."