بەهۆی جەنگەوە ئەمریكا پێدانی مووشەكی تۆماهۆک بە ژاپۆن دوادەخات

بەهۆی جەنگ و ئەو گوشارەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەسەر کۆگاکانی چەک دروستی کردووە، ئەمریکا پێدانی 400 مووشەکی تۆماهۆکی بە ژاپۆن دواخست.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ رایگەیاند، داواکاریی ژاپۆن بۆ کڕینی سەدان مووشەکی «تۆماهۆک» لە ئەمریکا، رووبەڕووی دواکەوتن بووەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی ئەو گوشارەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەسەر کۆگاکانی چەک دروستی کردووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن بە تۆکیۆی ڕاگەیاندووە کە پڕۆسەی رادەستکردنی ئەو داواکارییەی کە نزیکەی 400 مووشەکە و بڕیار بوو تا مانگی ئازاری 2028 جێبەجێ بکرێت، دووچاری دواکەوتن دەبێتەوە.

بەپێی راپۆرتێک؛ هۆکاری دواکەوتن بۆ جەنگی  ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و خاڵیبوونی کۆگاکانی چەکە. لە کاتێکدا مووشەکی تۆماهۆک بەشێکی سەرەکییە لە ستراتیژییە نوێیەکەی تۆکیۆ بۆ خۆپڕچەککردن بە توانای هێرشبەری دوورمەودا، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی چین و کۆریای باکوور.