سوپای ئیسرائیل دانپێدانانی ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵا بڵاودەکاتەوە

ئەفیخای ئەدرەعی
ئەفیخای ئەدرەعی

سوپای ئیسرائیل دانپێدانانی چەند چەکدارێکی دەستگیرکراوی یەکەی "رەزوان"ی سەربە حزبوڵڵای لوبنانی بڵاوکردەوە؛ چەکدارەکان باس لە رووخانی ورەی هێزەکانیان دەکەن و دەڵێن "بە زۆر" رەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکرێن و حزبوڵڵا تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەجەنگێت.

3ی نیسانی 2026، ئەفیخای ئەدرەعی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە کاتی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی باشووری لوبنان، ژمارەیەک چەکداری یەکەی "رەزوان"ی سەربە حزبوڵڵایان دەستگیرکردووە کە پلانیان هەبووە مووشەکی دژە تانک ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل بکەن، دواتر بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی یەکەی 504ی هەواڵگری کراون.

بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کە سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، چەکدارە دەستگیرکراوەکان دانیان بەوە داناوە کە "ورەی چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان لەوپەڕی نزمی دایە." یەکێک لە چەکدارەکان دەڵێت: "حزبوڵڵا تەنیا بۆ پاڵپشتیی رژێمی ئێران و بۆ تۆڵەسەندنەوەی عەلی خامنەیی هاتووەتە ناو ئەم جەنگە."

لە بەشێکی دیکەی دانپێدانانەکاندا هاتووە، زۆربەی چەکدارەکان بە ناچاری و بەبێ ویستی خۆیان براونەتە بەرەکانی جەنگ. چەکدارێک دەڵێت: "کەس وزەی شەڕکردنی نەماوە، دوای ساڵ و نیوێک لە جەنگ، دۆخەکە زۆر خراپتر بووە، کەس ناتوانێت بە حزبوڵڵا بڵێت نایەم بۆ شەڕ، چونکە بە زۆر دەمانبەن."

ئەم دانپێدانانانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە ئیسرائیل هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان چڕتر کردووەتەوە و باس لە تێکچوونی ریزەکانی ئەو گرووپە دەکرێت.

چەکدارانی حزبوڵڵا لە رووبەڕووبوونەوە زەمینییەکاندا پشت بە تاکتیکی گرووپە بچووکەکان و کەمینە ستراتیژییەکان دەبەستن، وێڕای جیاوازیی هێزی سەربازی، توانایەکی زۆریان لە بەڕێوەبردنی شەڕی مەودا کورتدا هەیە.

بڵاوکردنەوەی ئەم دانپێدانانانە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، لە کاتێکدایە کە هەردوولا لە پاڵ شەڕی چەکداری، جەنگێکی دەروونیی بەهێز بەڕێوە دەبەن. لە کاتێکدا ئیسرائیل جەخت لەسەر "داڕمانی ورەی چەکدارانی حزبوڵڵا" دەکاتەوە، لە بەرانبەردا حزبوڵڵا بەردەوام ڤیدیۆی بۆسە و هێرشە مووشەکییەکانی بڵاودەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانیان لەسەر زەوی "کۆنترۆڵی تەواوی دۆخەکەیان لەدەستە" و توانیویانە زیانی گیانیی زۆر بە هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل بگەیەنن.