ئەمڕۆ درۆنێک لە ماڵێکی گەڕەکی کارێزانی هەولێر کەوتە خوارەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، درۆنێک لە ماڵێکی گەڕەکی کارێزانی هەولێر کەوتە خوارەوە و دوای چەند خولەکێک درۆنێکی دیکە لە هەمان گەڕەک کەوتە خوارەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی نیسانی 2026، پەیامنێری کوردستان24، لەکاتی رووماڵکردنی زیانەکانی هێرشەکە بۆ سەر ماڵێکی هەژارنشینی گەڕەکێکی میللی شاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بەر ماڵەکە و خانووەکانی تەنیشتی کەتووە.
ئەو ماڵە بە تەنیا ئافرەتێک ژیانی تێدا بەسەر دەبرد، بەڵام شەوی رابردوو لە ماڵەوە نەبووە.
ئافرەتەکە قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کرد و رایگەیاند: شەوی رابردوو لەگەڵ کوڕەکەم چووینە ماڵیان و لەوێ مامەوە، بەیانی زوو یەکێک لە دراوسێیەکان پەیوەندی کرد و ئاگاداری کردینەوە، کە درۆن بەر ماڵەکەم کەتووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی گیانی نەبوو".
هەروەها باسی لەوە کرد، "زیانێکی زۆر بەر ماڵەکەم کەوتووە، بەڵام گرنگ بەخۆمان سەلامەتین".