رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: کەرتی تەندروستیی ئێران رووبەڕووی هێرشی چڕ بووەتەوە

لۆگۆی رێکخراوی تەندروستی جیهانی
لۆگۆی رێکخراوی تەندروستی جیهانی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی لە بە ئامانجگرتنی کەرتی تەندروستیی ئێران دەدات و رایدەگەیەنێت، چەندین نەخۆشخانە و ناوەندی گرنگی پزیشکی لە تاران لە کارکەوتوون.

هەینی 3ی نیسانی 2026، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی  رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا "چەندین هێرش کراوەتە سەر کەرتی تەندروستی" لە ئێران.

تێدرۆس ئەدهانوم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X نووسیویەتی: "راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتی پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین هێرش کراوەتە سەر کەرتی تەندروستی لە تاران."

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیمانگەی پزیشکیی "باستور" زیانی زۆری بەرکەوتووە و چیتر ناتوانێت خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشکەش بکات. ئەم پەیمانگەیە یەکێکە لەو 20 دامەزراوە تەندروستییەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە کراونەتە ئامانج.

پەیمانگەی باستور کە لە ساڵی 1920 دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین ناوەندەکانی توێژینەوە و تەندروستیی گشتی لە ئێران. تێدرۆس جەختی کردەوە کە ئەم ناوەندە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پاراستنی تەندروستیی دانیشتووان، بەتایبەت لە کاتی باری نائاساییدا.

لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ئێران رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی دیکەیان ئەنجامداوە و کۆمپانیای "تۆفیق دارۆ"یان کردووەتە ئامانج، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دەرمان لە ئێران و دەرمانی بێهۆشکردن و چارەسەری شێرپەنجە بەرهەم دەهێنێت.

تێدرۆس باسی لەوەش کرد، نەخۆشخانەی "دیلارام سینا" بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان رۆژی یەکشەممەی رابردوو زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەروەها نەخۆشخانەی تایبەتی "گاندی" لە باکووری رۆژئاوای تاران و نووسینگەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تاران لە سەرەتای هەفتەدا زیانیان بەرکەوتووە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆردومانکردنی ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی "بیگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین"، هەرچەندە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی قەدەخە دەکەن. بەگوێرەی رێککەوتننامەکانی جنێڤ، ناوەندە تەندروستییەکان شوێنی پارێزراون و نابێت بکرێنە ئامانج.

بەگوێرەی دوایین ئاماری مانگی سووری ئێرانی، تا ئێستا 307 دامەزراوەی تەندروستی، پزیشکی و فریاکەوتن لەم جەنگەدا زیانیان بەرکەوتووە.