بەقایی: چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە جەنگی دژی ئێران تێوەگلاون

پارچەی درۆنە تێکشکاوەکەی شیراز
پارچەی درۆنە تێکشکاوەکەی شیراز

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئەو درۆنەی لە شاری شیراز خرایە خوارەوە، پارچەکانی بەڵگەیەکی باشن بۆ سەلماندنی راستی ئەوەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لەم جەنگە تێوەگلاون".

ئیسماعیل بەقایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمڕۆ هەینی 3ی نیسانی 2026، وێنەکی پارچە درۆنێکی بڵاوکردووەتەوە و پەیامێکی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و دەڵێت"هێزە چەکدارە قارەمانەکانمان ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیان لە ئاسمانی شیرازی خۆشەویست، شاری حافز و سەعدی خستووەتە خوارەوە" 

هەروەها نووسیویەتی "پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەڵگەیەکی سەلمێنەر و حاشا هەڵنەگری دیکەن، کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە کردەیی دەستیان لەو تاوانە دوژمنکارییەدا هەیە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیان پێیکردووە".

هەرچەندە ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ناوی هیچ وڵاتێکی کەنداو نەکردووە، بەڵام لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "پێویستە یەکێک لەو دوو وڵاتە روونکردنەوەی پێویستمان پێ بدات".

بە گوێرەی زانیارییەکان دوای خستنە خوارەوە درۆنەکە، دەنگۆکان باسیان لە خستنەخوارەوەی درۆنێکی دیکەی جۆری MQ9ـی ئەمریکی دەکرد، بەڵام دواتر میدیاکانی ئێران لە زاری شارەزایان بڵاویان کردەوە، کە ئەو درۆنەی ئەمڕۆ هەینی لە ئاسمانی شیراز خراوەتە خوارەوە لە جۆری وینگ لۆنگ دوو - Wing Lung 2ـە، کە بە چنگدو جی چی دووش ناسراوە و لە دروستکراوی چینە، بۆ یەکەمجار لە ئەیلوولی 2015 لە بەیژینگ نمایشکرا، بەڵام لە تشرینی دووەمی 2018 بە فەرمی خرایە خزمەتی سوپای چین و تایبەتمەندی درۆنەکە لەوەدایە، کە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە لە دوورییەکی زۆر دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و ئامانجەکانی بپێکێت.

هەروها هەر یەک لە سعوودیە و ئیمارات ئەو جۆرە درۆنەیان لە چین کڕیوە و پێشر سعوودیە لە دژی چەکدارە حووسییەکان لە یەمەن بەکاریهێناوە.