فۆکس نیووز: فڕینی فڕۆکەی B-52 بە ئازادی بەسەر ئاسمانی ئێران نیشانەی قۆناغێکی نوێی جەنگە
راپۆرتێکی نوێی تۆڕی "فۆکس نیووز"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کە فڕۆکە ستراتیژییەکانی جۆری B-52ـی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستیان بە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی لەناو سنوورە ئاسمانییەکانی ئێراندا کردووە. ئەم پەرەسەندنە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ سەپاندنی باڵادەستیی تەواوەتیی ئاسمانیی ئەمریکا و داڕمانی سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران دوای چەند هەفتەیەک لە بۆردوومانی چڕ.
هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکە، فڕینی ئەم فڕۆکەیە زەبەلاحانە کە لە سەردەمی جەنگی ساردەوە بەکاردەهێنرێن، گۆڕانکارییەکی جەوهەرییە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا. ئەم فڕۆکانە دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاسمانی مەیدانی جەنگدا بمێننەوە و لە یەک گەشتدا چەندین ئامانجی جیاواز بپێکن، لەوانەش بنکە سەربازییە قایمەکان و سیستەمە جوڵاوەکان، ئەمەش توانایەکی زیاتر و نەرمییەکی گەورە دەداتە هێزە ئەمریکییەکان بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانیان.
مارک گۆنزینجەر، عەقیدی خانەنشین لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا و فەرماندەی پێشووی ئەم جۆرە فڕۆکانە، ڕایگەیاندووە کە دەرکەوتنی B-52 لە ئاسمانی ئێراندا بەو مانایەیە کە ئەمریکا قۆناغی سەرەتایی پەکخستنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی تێپەڕاندووە. ئێستا واشنتن دەتوانێت بە ئازادی لەناو جەرگەی خاکی ئێراندا ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی جەنگەکە چووەتە قۆناغێکی توندتر و یەکلاکەرەوەتر.
ئەم فڕۆکەیە کە بە قەڵای فڕیو ناسراوە، دەتوانێت 70 هەزار پاوەند تەقەمەنی هەڵبگرێت، کە ئەمە گەورەترین بڕە لە جبەخانەی ئەمریکادا. هەرچەندە B-52 خاوە و تایبەتمەندی "شەبەنگ" (Stealth)ی نییە و ئاسان لەلایەن رادارەکانەوە دەبینرێت، بەڵام فڕینی لە ئێستا دەسەلمێنێت کە رادار و سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران چیتر کارا نین، چونکە لە بارودۆخی ئاساییدا ئەم فڕۆکەیە ناتوانێت لە ناوچەیەکدا بفرێت کە بەرگریی ئاسمانیی تێدا مابێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای جەنگەکە و لە هێرشەکانی حوزەیرانی 2025 بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز، ئەمریکا تەنیا فڕۆکەی جۆری B-2ی شەبەنگی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی لە رادارەکان شاراوە بێت. شارەزایان دەڵێن گۆڕینی فڕۆکەکان بۆ B-52 نیشانەی خۆبەدەستەوەدانی ئاسمانیی ئێرانییەکانە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە هێشتا تاران خاوەنی تەکتیکی جەنگی ناوازە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کە دەتوانێت مەترسی دروست بکات.