واشنتن پۆست: ئێستا دەسەڵاتێکی توندڕەوتر ئێران بەڕێوەدەبات
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە زنجیرە کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، نەک هەر نەبووەتە هۆی لاوازکردنی تاران، بەڵکوو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی سەربازیی توندڕەوتر کە ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسییان بەرتەسک کردووەتەوە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ دوا مۆڵەت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دیاری دەکات.
بەپێی راپۆرتەکە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە گوتارێکدا رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا کۆتاییان دێت. ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئەگەر لەم ماوەیەدا رێککەوتن نەکرێت، ئێمە تەواوی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ژێرخانی نەوتی ئێران بە توندی و بە شێوەیەکی هاوکات تێکدەشکێنین."
واشنتن پۆست ئاماژە بەوە دەکات کە کوشتنی رێبەری باڵا و فەرماندەکانی سوپای پاسداران، نەبووەتە هۆی دروستبوونی سەرکردایەتییەکی ژیرتر وەک ئەوەی ترەمپ هیوای بۆ دەخواست. بە پێچەوانەوە، ئەو کەسانەی ئێستا جڵەوی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، وەک محەممەدباقر قالیباف و ئەحمەد وەحیدی، لە نەوەی جەنگن و زیاتر بڕوایان بە رووبەڕووبوونەوە هەیە. ئێرانییەکان مەرجی قورسیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ داناوە، لەوانەش وەرگرتنی قەرەبوو و کۆنترۆڵکردنی فەرمیی گەرووی هورمز و وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان.
بەرپرسێکی ئەوروپی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئێستا نرخی کۆتاییهێنان بە جەنگ گرانتر بووە، پرسی گەرووی هورمز کە پێشتر لە دانوستانەکاندا نەبوو، ئێستا بووەتە مەرجی سەرەکی تاران. شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە ئیدارەی ترەمپ هەڵە تێگەیشتنی بۆ کولتووری ئێران هەیە، چونکە وەک دیپلۆماتکارێکی ئێرانی دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر 10 چینی تری سەرکردایەتیش بکوژن، سیستەمەکە دانوستان ناکات چونکە کولتووری ئەوان لەسەر بنەمای قوربانیدان بنیات نراوە."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای کوژرانی سەرکردەکان، سوپای ئێران هێشتا توانای هێرشکردنی ماوە و لە رێگەی ستراتیژی مۆزایکی و فەرماندەیی نامەرکەزییەوە، توانیویەتی گورزی توند لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و فڕۆکە سیخوڕییە پێشکەوتووەکانیان بوەشێنێت. ئەمەش دەری دەخات کە جەنگەکە چووەتە قۆناغێکەوە کە تێیدا هەردوولا ئامادەن بۆ تێکشکاندنی تەواوەتی یەکتر لە جیاتی گەیشتن بە رێککەوتن.