مۆسکۆ و قاهیرە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە هەماهەنگییەکانیان زیاتر دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و میسر، لە کۆبوونەوەیەکدا لە مۆسکۆ، هۆشدارییان لە تێکچوونی ئاسایشی کەشتیوانی و پەرەسەندنی ململانێ هەرێمییەکان دا.
هەینی، 3ـی نیسانی 2026، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە مۆسکۆ، گوتی: "قاهیرە بەردەوامە لە کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان و تورکیا بۆ بەهێزکردنی رێڕەوی دیپلۆماسی و پێشخستنی چارەسەرە ئاشتییانەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد، جموجۆڵەکانی میسر لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان، بە پلەی یەکەم ئامانجیان راگرتنی پەرەسەندنی سەربازیی خێرایە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئازادی دەریاوانی نێودەوڵەتی، کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئابووریی جیهان هەژمار دەکرێت.
لای خۆیەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، روونیکردەوە کە، "بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر نیگەرانکەرە"، داواشی لە هەموو لایەنە ناکۆکەکان کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و خۆیان لە تێوەگلانی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر بپارێزن.
لاڤرۆڤ جەختیشی کردەوە، کە راگرتنی جەنگ و گرژییەکان, دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریاوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 29ـی ئاداری 2026، ههر یهكه له وهزیرانی دهرهوهی پاكستان، سعوودییە، توركیا و میسر له له ئیسلام ئابادی پایتهختی پاكستان كۆبوونهوه.
وهزارهتی دهرهوهی سعوودییه لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو: ئهو وڵاتانه لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوونیان له بارهی تازهگهرییهكانی ناوچهكه ئاڵوگۆڕ كردووه و گفتوگۆیان لهبارهی كاری هاوبهش كردووه بۆ دۆزینهوهی ریگهچارهیهكی ئاشتییانە بۆ كۆتاییهێنان به گرژییەکانی ناوچهكه.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.