بڕیارە پێنتاگۆن 85 فڕۆکەی F-35 بۆ هێزی ئاسمانی زیاد بکات
وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دارایی 2027ـی ئاشکرا کرد، کە تێیدا داوای بڕی 1.5 ترلیۆن دۆلار دەکات. ئەم بودجەیە کە بە گەورەترین تەرخانکراوی دارایی سەربازی لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێت، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و تێیدا جەخت لەسەر کڕینی 85 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو و پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی کراوەتەوە.
بەگوێرەی رەشنووسی بودجەکە، پێنتاگۆن پلانی هەیە 85 فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-35) لە کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" بکڕێت. وردەکاریی کڕینەکان بەم شێوەیەیە: 38 فڕۆکە لە جۆری (F-35A) بۆ هێزی ئاسمانی، 10 فڕۆکە لە جۆری (F-35B) کە توانای نیشتنەوەی ستوونییان هەیە بۆ هێزی دەریایی، و 37 فڕۆکە لە جۆری (F-35C) کە تایبەتن بە کارکردن لەسەر حاملەی فڕۆکەکان. ئەم جووڵەیە لە کاتێکدایە کە ئێستا فڕۆکەکانی F-35C لەسەر حاملەی فڕۆکەی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" ڕۆڵێکی سەرەکی لە جەنگی ئێراندا دەگێڕن.
داواکارییەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ تەرخانکردنی 1.5 ترلیۆن دۆلار، زیادبوونی 42%ی خەرجییە ئەمنییەکان نیشان دەدات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئەم بودجەیە بۆ دوو بەش دا بەشکراوە: 1.15 ترلیۆن دۆلار وەک بودجەی بنەڕەتی کە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا بودجەی بنەڕەتی دەگاتە یەک ترلیۆن و 350 ملیار دۆلاریش وەک بودجەی تەکمیلی بۆ تێچووەکانی جەنگ و پڕۆژە بەپەلەکان. لەم بڕە پارەیە، 95%ی بۆ وەزارەتی جەنگ دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) تەرخان دەکرێت.
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ئەم بودجەیە، تەرخانکردنی 17.5 ملیار دۆلارە بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەی "گومبەزەی زێڕین" (Golden Dome). ئەم پڕۆژەیە کە ترەمپ دەیەوێت تا کۆتایی ویلایەتەکەی تەواوی بکات، سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی و ئاسمانیی پێشکەوتووە. سیستەمەکە پشت بە هەستەوەر و مووشەکی تێکشکێنەی جێگیر لە بۆشایی ئاسمان دەبەستێت، بە ئامانجی دروستکردنی پارێزبەندییەکی فرەچەشن و نیشتمانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی هەڕەشە مووشەکییەکان.
ئەم داواکارییە داراییە لە کاتێکدایە کە جەنگ لەگەڵ ئێران، کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، چووەتە قۆناغێکی توندترەوە. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا هەڕەشەی توندتری ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، "گەورەترین پردی ئێران بە تەواوەتی داڕماوە و هی تریش لەڕێگەن." ئەمە ئاماژەیە بۆ ستراتیژیی نوێی ئەمریکا لە بەئامانجگرتنی ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران بۆ ناچارکردنی تاران بە خۆبەدەستەوەدانی، کە پێویستی بە پشتیوانییەکی دارایی و لۆجستیی گەورە هەیە وەک ئەوەی لە بودجەی 2027دا داواکراوە.