ئەردۆغان بۆ پوتن: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین تا دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، جەختی لە پێویستی وەستاندنی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ لە تەواوی ناوچەکەدا کردەوە.
هەینی، 3ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، گفتوگۆی کرد.
بە پێی راگەیەنراوی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ پوتن ئاماژەی بەوە کردووە، کە وڵاتەکەی پەسەندی ئەو هێرشانە ناکات کە دەکرێنە سەر ئێران، لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی لە وەڵامدانەوەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ناکات.
لە راگەیەنروەکەدا هاتووە، کە تورکیا لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا لە پەیوەندی بەردەوامدایە و سەرنجی خستووەتە سەر چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری، بە مەبەستی رێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگ و دەرچوونی بارودۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵ.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پێویستی وەستاندنی "سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ لە هەموو ناوچەکەدا کردەوە" و روونیکردەوە، کە ئەو هەنگاوانەی ئیسرائیل بۆ تێکدانی پێگە و ناسنامەی قودس دەینێت، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین.
هەروەها ئەردۆغان رایگەیاند: کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا دەکات و، جەختی کردەوە کە هەر هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لەو وڵاتەدا، لە بەرژەوەندیی هاوبەشی تورکیا و رووسیادایە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆر گرنگە ئەو دەستکەوتانەی لە سووریا بەدەستهاتوون، نەخرێنە بەر مەترسییەوە.
شەممە، 28ـی ئاداری 2026، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە گوتارێکدا رایگەیاندبوو، جیهان بە گشتی باجی ئەو شەڕە دەدات کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، هەروەها دیپلۆماسی تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە تەنگژەکان.
باسی لەوەش کردبوو، "ئێمە بە توندی دژی هەر بارودۆخێکین کە وڵاتانی ناوچەکە پەلکێشی ناو ململانێیەکی مەترسیدار بکات، ئەمە تەنیا شەڕی ئیسرائیل نییە، بەڵکو هەموو جیهان باجەکەی دەدات؛ شەڕێکە تەنیا لەپێناو مانەوەی ناتانیاهۆ هەڵگیرساوە."
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.