داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە درێژ کرایەوە
عێراق ئاسمانەکەی بە رووی گەشتەکان بە داخراوی دەهێڵێتەوە
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، بڕیاری دا، بە درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بە رووی هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانی بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە.
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی نیسانی 2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند: وەک رێکارێکی خۆپارێزی کاتی، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی عێراق بە رووی هەموو ئەو فڕۆکانەی دێن، دەچن یان بە ئاسمانی وڵاتەکە تێپەڕ دەبن، تا رۆژی هەینی داهاتوو 10ـی نیسان.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی بارودۆخی ئەمنی و پەرەسەندنە هەرێمییەکان دراوە و، بڕیارەکەش بە پشتبەستن پێشهاتە نوێیەکان دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر گۆڕانکارییەکی نوێ ئاگادار دەکرێنەوە.
بە هۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق چەندین جار ناچار بووە ئاسمانی خۆی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دابخات. داخستنی ئاسمانی وڵات کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی فڕۆکەوانی و کەرتی ئابووریی عێراق دروست کردووە.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.