ئێران پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ ئاگربەستی کاتی رەتکردووەتەوە

ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی راگەیاندووە، پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی کاتی لەلایەن ئێرانەوە رەتکراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس ئەمڕۆ هەینی 3ی نیسانی 2026، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار روونکردنەوەیەکی لە بارەی وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازێکی ئەمریکا لە بارەی ئاگربەستێکی کاتی بڵاوکردووەتەوە، بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە لە رێی یەکێک لە وڵاتانی دۆستی ئێرانەوە پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتی بۆ 48 کاتژمێری کردووە، بەڵام ئێران بە نووسراو پێشنیازەکەی ئەمریکا رەت نەکردووەتەوە، بەڵکو بە درێژەدان بە هێرشە چڕەکانی وەڵامیداوەتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەیداوە، بە گوێرەی ئەو شیکارەی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا کراوە، داواکارییەکە بۆ دوای پەرەسەندنی قەیرانەکان لە ناوچەکە و سەرهەڵدانی کێشەی جددی بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، چونکە بەر لەوەی دەست بە جەنگی دژ بە ئێران بکەن، هەڵسەنگاندنێکی نادروستیان بۆ توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو.

سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بەوە داوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە دوای بە ئامانجگرتنی کۆگای سووتەمەنی هێزەکانی ئەمریکا لە دوورگەی بۆبیانی کوەیت، بۆ ئاگربەست زیاتر بووە.