نیویۆرک تایمز: دووەم فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە نزیک گەرووی هورمز تێکشکاوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکێک لە سەختتین رۆژەکانی جەنگی دژی ئێرانی بەڕێکرد، دوای ئەوەی سێ فڕۆکەی جیاوازی سەربازی لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا تێکشکان یان خرانە خوارەوە.

هەینی 3ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کرد کە دووەم فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (A-10 Warthog) لە نزیک گەرووی هورمز تێکشکاوە و کەوتووەتە ناو ئاوەکانی کەنداو.

ئەم رووداوە نزیکەی لە هەمان ئەو کاتەدا بووە کە فڕۆکەیەکی تری جۆری (F-15E) لە ناو ئاسمانی ئێراندا خرابووە خوارەوە. هەرچەندە فڕۆکەوانی A-10ەکە بە سەلامەتی رزگارکراوە، بەڵام تێکشکانی دوو فڕۆکەی جەنگی لە یەک کاتدا وەک گورزێکی توند بۆ باڵادەستیی ئاسمانیی ئەمریکا تەماشا دەکرێت.

ئەم رۆژە پڕ لە زیانەی ئەمریکا تەنیا بەو دوو فڕۆکەیە کۆتایی نەهات، بەڵکوو فڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەری جۆری (Black Hawk)یش لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکاندا تێکشکا. بەمەش کۆی گشتی ئەو فڕۆکانەی ئەمریکا تەنیا ئەمڕۆ لەدەستی داون گەیشتە سێ فڕۆکە، کە ئەمە گەورەترین زیانی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتەیە لە یەک رۆژدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.