جۆنسن: لەندەن لە رووی ستراتیژییەوە شکستی هێناوە و پشتی لە هاوپەیمانەکانی کردووە

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا: پێویست بوو لەندەن بەشێک بێت لە نەخشەی سەربازیی واشنتن دژی تاران

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، رەخنەی توندی ئاڕاستەی حکوومەتەکە ستارمەر کرد و بە "سست و بێدەنگ" لە ئاست پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران وەسفی کرد.

هەینی، 3ـی نیسانی 2026، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، لە گوتارێکدا کە لە رۆژنامەی "دەیلی مەیل" بڵاو کراوەتەوە، رەخنەی توندی ئاراستەی حکوومەتەکەی کییەر ستارمەر کرد و پرسیاری ئەوەی وروژاند کە بۆچی لەندەن لە دیمەنە سیاسی و سەربازییەکانی کاتی پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا رۆڵێکی کارای نییە. ئەم هەڵوێستەی بەریتانیای بە "شکستێکی گەورە لە شارەزایی دیپلۆماسیدا" لەقەڵەمدا.

جۆنسن ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێزێکی سەربازیی گەورەی لە نزیک ئێران کۆکردووەتەوە، ئەمەش دەخوازێت بەریتانیا جوڵەیەکی سیاسی و هەواڵگریی پێشوەختەی هەبێت بۆ تێگەیشتن لە مەبەستەکانی ئەمریکا و کاریگەریی هەبێت لەسەر رێڕەوی رووداوەکان.

هەروەها جۆنسن، رەخنەی لە کییەر ستارمەر گرت و پێی وابوو حکوومەتەکەی "سارد و سڕی" لە کاتی قەیرانەکەدا نیشانداوە، چ پێش هەڵگیرسانی جەنگ و چ دوای ئەوە، 

گوتیشی: "پێویست بوو لەندەن بەشێک بێت لە گفتوگۆ ستراتیژییەکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەبری ئەوەی کاریگەرییە سیاسییەکان تەنیا لە دەستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە".

جەختیشی کردەوە کە بەریتانیا خاوەنی ئەزموونێکی مێژوویی قووڵە لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش بەهۆی ڕۆڵی مێژوویی لە دامەزراندنی ژمارەیەک دەوڵەتی کەنداو و پەیوەندییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا، کە وەک خۆی دەڵێت ئەمە وای لێ دەکرد بەشدار بێت لە داڕشتنی ستراتیژییەتی رۆژئاوا بەرامبەر ئێران.

جۆنسن ڕەخنەی لە سستیی وەڵامدانەوەی سەربازیی بەریتانیا گرت دوای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاماژەی بەوە کرد، کە لەندەن دواتر تەنیا چوار فڕۆکەی جەنگی لە جۆری "تایفون"ی بۆ رێگریکردن لە درۆنەکانی ئێران لە بنکەی قوبرسەوە ناردووە، بەڵام هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی زیادەی جێگیر نەکردووە، هەروەها ئامادەیی دەریایی خۆی لە بەحرەین کەم کردووەتەوە لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی هێرشی بەردەوام دەبنەوە.

ناوبراو لێدوانەکەی ستارمر کە گوتبووی "ئەمە جەنگی ئێمە نییە" بە هەڵەیەکی ستراتیژی وەسف کرد، بە تایبەت لەبەرامبەر هێرشی درۆنەکانی ئێران بۆ سەر هاوپەیمانەکانی بەریتانیا لە کەنداو (سعوودییە، قەتەر، کوەیت، ئیمارات، بەحرەین و عومان)، جگە لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی جەنگەکە لەسەر نرخەکانی وزە و ئابووری بەریتانیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە بارەی جەنگی ئەمریکا و ئێران رایگەیاندبوو، ئەمە جەنگەی ئێمە نییە و رێگە نادەین وڵاتەکەمان بۆ ناو ئەم جەنگە پەلکێش بکرێت.

 ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە هەڵوێستی لەندەن تەنیا بەرگرییانەیە و سەرنجی سەرەکییان لەسەر کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز دەبێت. جەختی لەوەش کردبووەوە،  چوونە نێو جەنگێکی راستەوخۆ و زەمینی لە کارنامەی ئێمەدا نییە."

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە ستارمەر گرتبوو، بەهۆی هاوکارینەکردنی واشنتن لە کەمپینە سەربازییەکەیدا.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.