تەقینەوەی بەهێز تاران دەهەژێنێت و ئیسرائیل هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدات
شەوی هەینی لەسەر شەممە، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە و بەهێز لە تارانی پایتەختی ئێران بیسترا، هاوکات لەگەڵ فڕینی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان بە ئاسمانی شارەکەدا.
ئاژانسی "فارس" و میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئامانجە دوژمنکارییەکان چالاک کراوە. هەرچەندە تا ئێستا ئاماری وردی زیانەکان رانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکان چەند ناوچەیەکی ستراتیژی و نیشتەجێبوونیان گرتووەتەوە، لەوانە: (کلكتچال، جمشیدیە، چیاکانی جەماران، شەهریار، نیاوەران، شەمیرانات، گەڕەکی ئابک و سەعادەت ئاباد).
ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند؛ شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، دامەزراوەکانی مووشەک و سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران دەستپێکردووە.
جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە هەفتەی شەشەمی خۆی. توندبوونەوەی شەڕەکە تەنیا ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو وڵاتانی کەنداو و لوبنانیشی تێوەگلاوە. لە نوێترین پێشهاتیشدا، دوێنێ هەینی راگەیەندرا؛ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی لە جۆری (F-15E) لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆکاندا دەبینرێت.