ئێران ئامادەکارییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی زەمینی چڕدەکاتەوە

 ئێران ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو مەترسییانەی لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازیی زەمینی بۆ سەر خاکەکەی لە ئارادان.

تاران لەم چوارچێوەیەدا بەرگرییەکانی لە دەوروبەری گەورەترین بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوت بەهێز کردووە و هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی بۆ ناونووسکردنی خۆبەخشان دەستپێکردووە، هاوشێوەی سەردەمی جەنگی ئێران و عێراقە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو.

ئەم هەنگاوانەی ئێران دوای ئەوە دێن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی ناردنی هەزاران سەربازی "مارێنز" و هێزی چەتربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد. هەرچەندە واشنتن بە فەرمی نیازی خۆی بۆ هێرشی زەمینی رانەگەیاندووە، بەڵام ئەم جوڵانە بژاردەی زیاتری داوەتە دەست ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ یان پرۆسەی تایبەت، ئەوەش وایکردووە تاران بکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئێران کار بۆ توندکردنی بەگریی لە دوورگەی خارگ دەکات کە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەیە. بەرپرسانی ئێرانی ئاماژە بەوە دەکەن، سیستمە مووشەکییە ئاراستەکراوەکانیان لەو ناوچەیە جێگیر کردووە، کەناراوەکانیان مینڕێژ کردووە و دامەزراوە هەستیارەکانیشیان بۆمبڕێژ کردووە. هەروەها چەندین تونێلی بەرگریی لە دوورگە ستراتیژییەکان لێدراون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی زەمینی.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێکی فراوانی گشتییان لەژێر دروشمی "قوربانیدان" دەستپێکردووە. ئامانجی ئەم هەڵمەتە کۆکردنەوەی ملیۆنان خۆبەخشە بۆ پشتگیری لۆجستی و ئەرکی مەیدانی. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ئێران خاوەنی نزیکەی یەک ملیۆن سەربازە (بە هێزە کاراکان و یەدەگەوە)، کە تەنیا 190هەزاریان سەر بە سوپای پاسدارانن.

شرۆڤەکاران دەڵێن؛ هەرچەندە بەشێک لە هێزەکان لە رووی مەشق و کەرەستەوە لاوازن، بەڵام ئێران پشت بە سێ فاکتەری سەرەکی دەبەستێت؛ یەوکەمیان تۆپۆگرافیای وڵات، بوونی ناوچە شاخاوییە سەختەکان، دووەمیان جەنگی ناهاوتا، بەکارهێنانی درۆن و بەلەمە خێراکان بۆ لێدانی کەشتیگەلی دوژمن، سێیەمیان مووشەکی کورتمەودا و مین، بۆ پەکخستنی جوڵەی هێزە دەریاییەکان لە تەنگەی هورمز.

شارەزایان بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاشکرایان کردووە، ئەگەر هەیە هەر پرۆسەیەکی سەربازیی ئەمریکا ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ، یان دوورگە ستراتیژییەکانی تەنگەی هورمز، یان دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت. لە بەرامبەردا، چاودێران هۆشداری دەدەن، هەر هێرشێک دەبێتە هۆی تێکدانی تەواوەتی سەقامگیری بازاڕی وزە و رەنگە شەپۆلێکی ناسیۆنالیزمی و یەکگرتوویی ناوخۆیی لە ئێران دروست بکات کە هەموو جیاوازییە سیاسییەکان تێپەڕێنێت.

ئێستا، تاران رێکاری ئەمنیی توندی لە شارەکاندا گرتووەتەبەر و بازگەی پشکنینی زۆری داناوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە رژێمەکە خۆی بۆ هەموو سیناریۆیەکی ناوخۆیی و دەرەکی ئامادە کردووە.