ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر بەیروت و باشووری لوبنان چڕ دەکاتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسنای 2026، سوپای ئیسرائیل قۆناخێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە و ژێرخانەکانی حیزبوڵڵا لە ناوجەرگەی بەیروت دەستپێکرد. بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، شەش هێرشی ئاسمانی چڕ کراونەتە سەر ناوچەی "زاحیەی باشوور"ی بەیروت.
دوێنێ هەینی، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گەڕەکەکانی (حەدەس، سان تێریز، و گەڕەکی ئەمریکان) لە بەیروت چڕکردەوە، بەهۆیانەوە چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون. هاوکات لە ناوچەی بوقاعی رۆژئاوا، پردەکانی (سەحمەر و مەشغەرە) بۆردومان کران.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دەوروبەری مزگەوتێک لە شارۆچکەی "سەحمەر"، دوو کەس کوژراون و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە باشووری وڵات، شارۆچکەکانی (شەهابیە، تەیری، کۆنین، و شاری سوور) و چەندین ناوچەی دیکە کەوتنە ژێر بۆردومانی چڕی فڕۆکە و تۆپخانەکانی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی مووشەکێکی ئاراستە کردووە و بەر بنکەیەکی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونێفێڵ) کەوتووە، بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەو هێزانە بریندار بوون.
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی مووشەکییان ئەنجامداوە، لەوانە بۆردومانکردنی شاری "نەهاریا" بۆ جاری دووەم و بە ئامانج گرتنی کۆبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیل لە شارۆچکەی "ئەفیفیم". هەروەها لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی "کریات شمۆنا" لە باکووری ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە ماوەی مانگی رابردووی شەڕ و پێکدادانەکاندا، زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئامانجیان لە سەرانسەری لوبنان پێکاوە. لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا رایگەیاند؛ هەزار و 309 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە، کە نیوەیان ناوچە و شارۆچکەکانی ناوخۆی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە ئیسرائیل جیا لە هێرشە ئاسمانییەکان، هێزی زەمینییشی بەرەو باشووری لوبنان جوڵاندووە و شەڕ بەردەوامی هەیە.