تاران داوای لە مۆسکۆ کردووە رێگری لە پڕۆژەبڕیارەکەی بەحرەین بکات
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایان کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی داوای لە رووسیا کردووە پڕۆژەبڕیار پێشنیارکراوەکەی بەحرەین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز رەت بکاتەوە. هاوکات بەحرەین بەهۆی دژایەتییەکانی مۆسکۆ و پەکین، دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
دوو دیپلۆماتکار لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند؛ دەوڵەتی بەحرەین کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، ناچار بووە دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیاری "کردنەوەی گەرووی هورمز" دوابخات. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات رووسیا و چین ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەقە رەسەنەکەی پڕۆژەکە نیشاندا، ئەگەرچی بەحرەین بۆ رازیکردنی ئەوان ناوەرۆکی پڕۆژەکەی تا رادەیەکی زۆر نەرمتر کردبووەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەنگدانەکە بۆ کاتێکی نادیار لە هەفتەی داهاتوودا دواخراوە.
پڕۆژەبڕیارەکە، لەلایەن بەحرەینەوە سەرپەرشتی دەکرێت و وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا پاڵپشتی دەکەن، داوای رێگەدان بە بەکارهێنانی ئامرازە بەرگرییەکان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمز، کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
لە رەشنووسە کۆنەکاندا، دەستەواژەی "بەکارهێنانی هەموو ئامرازە پێویستەکان" بەکارهاتبوو (کە لە زمانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە واتای کردەی سەربازی دێت)، بەڵام لە دەقە نوێیەکەدا گۆڕدراوە بۆ ئامرازی بەرگریی گونجاو بۆ ماوەی شەش مانگ، بە مەبەستی رێگریکردن لە دەستوەردان لە هاتوچۆی دەریایی. سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانەش، هێشتا رووسیا و چین گومانیان لە پڕۆژەکە هەیە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئێرانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "تاران داوای لە مۆسکۆ کردووە رێگری لە تێپەڕبوونی ئەم پڕۆژەیە بکات، چونکە پێی وایە بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئیمارات و بەحرەین پێکەوە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ گەرووی هورمز، بەڵام مەترسیی ڤیتۆی رووسیا و چین هێشتا لەسەر پڕۆژەکە ماوە.
لە 28ـی شوباتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران و لە بەرامبەریشدا ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. بەهۆی ئەم جەنگەوە، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بە تەواوی پەکیکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕە جیهانییەکاندا.