تاران بۆ واشنتن: ئەگەر ئێوە هێرشی زەمینی دەستپێبکەن، کۆتاییەکەی لای ئێمە دەبێت

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی باڵای ئێران هۆشداریی دەداتە ئەمریکا لە لێکەوتەکانی هەر دەستوەردانێکی سەربازیی زەمینی بۆ سەر خاکەکەی و راگەیاند؛ تاران خاوەنی وشەی کۆتایی دەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی لەو شێوەیە.

ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکییەکان دەست بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بکەن، ئەوا ئێمە دەبین کە کۆتایی پێدەهێنین." ئەمەش وەک پەیامێکی روونی هێز و نیشاندانی متمانەی سەرکردایەتی ئێران بە تواناکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لێکدەدرێتەوە.

گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو؛ واشنتن لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا لێدانی بەسوێ ئاراستەی ئێران دەکات.

هاوکات، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە لێدوانەکانیدا رۆژی سێشەممە بژاردەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی وەک یەکێک لە ئەگەرە کراوەکانی سەر مێزی پێنتاگۆن هێشتەوە و دووری نەخستەوە.

لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازیی هاوبەشیان دژی تاران دەست پێکرد، لە بەرانبەردا، ئێران بەردەوامە لە وەڵامدانەوە سەربازییەکانی لە رێگەی بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ئاڵۆزییانەش ناوچەکەی بەرەو قۆناخێکی نادیار و نائارامییەکی هەرێمی بێپێشینە بردووە.