دووەم کەشتیی تورکیا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی

کەشتییەکی تورکی (ئەرشیف)
کەشتییەکی تورکی (ئەرشیف)

تورکیا تێپەڕبوونی دووەم کەشتیی وڵاتەکەی بە گەرووی هورمزدا راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە (04ـی نیسانی 2026)، حکوومەتی تورکیا تێپەڕبوونی دووەم کەشتیی وڵاتەکەی بە گەرووی هورمزدا راگەیاند، دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران لە کۆتایی ئابی رابردوو.

هاوکات ئەنقەرە هەوڵ دەدات مۆڵەت لە دەسەڵاتدارانی ئێران وەربگرێت بۆ تێپەڕبوونی 11 کەشتیی دیکە بەو گەرووەدا.

هەفتەی رابردوو ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی لە زاری عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا بڵاویکردەوە، بەگشتی 14 کەشتیی تورکیا تاوەکوو ئێستا لەو گەرووەدا ماونەتەوە.

عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا بۆ رۆژنامەنووسان لە ئەنقەرە روونیشی کردەوە، سێ لەو کەشتییانە بەهۆی کارەکانیانەوە لەوێ ماونەتەوە، وەک بەرهەمهێنانی وزە و داوای رۆیشتنیان لێ نەکراوە. 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دانوستان لەبارەی کەشتییەکانی دیکە بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ تیمەکانیاندا.

داتاکانی کەشتیوانی دەریدەخەن رۆژی پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، سێ کەشتیی سەر بە کۆمپانیایەکی عومانی، کەشتییەکی بارهەڵگری کۆمپانیایەکی فەرەنسی و کەشتییەکی گواستنەوەی گازی کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەمەش سیاسەتی ئێران نیشان دەدات بۆ رێگەدان بەو کەشتییانەی بە دوژمنی نازانێت.

لەسەرەتادا تاران گەرووی هورمزی داخست دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی شوباتدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ململانێکانیان زیاتر کرد، دواتر تاران رایگەیاند، رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەدات پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە. گەرووی هورمز نزیکەی پێنجیەکی نەوت و غازی سروشتیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.