ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل: ناوەندە دیپلۆماسییەکانتان دەکەینە ئامانج

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێرانی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئیسرائیل دەکات و رادەگەیەنێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئێران، سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی رەوای هێزە چەکدارەکانیان.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "دوای هۆشداری پێشوومان، جارێکی دیکە هۆشداری دەدەینە ئیسرائیل دەستەوەستان ناوەستین، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوکات سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئەم قەوارە ساختە و بێ ناسنامەیە لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی ڕەوای هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێرشیان دەکەینە سەر."

گوتەبێژی بارەگاکە جەختی لەسەر خێرایی وەڵامدانەوەکەیان کردەوە و گوتی: "لەبیرتان نەچێت، ئێمە بە خێرایی و بە توندی وەڵامی ئەوە دەدەینەوە کە دەیڵێین."