ئێران هەڕەشەی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی لە گەرووی باب مەندەب دەکات

گەرووی ستراتیژیی باب مەندەب
گەرووی ستراتیژیی باب مەندەب

هاوکات لەگەڵ خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە ناو خاکی ئێران، تاران لە رێگەی سەرۆکی پەرلەمانەکەیەوە گوشارەکانی بۆ سەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان چڕ دەکاتەوە و ئاماژە بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی باب مەندەب دەدات.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە پەیامێکدا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی ستراتیژیی باب مەندەب کرد. 

قالیباف، لە پەیامەکەیدا پرسیاری لەبارەی قەبارەی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگر و کۆنتێنەرانە کردبوو کە بەو گەرووەدا تێدەپەڕن.

گەرووی باب مەندەب کە درێژییەکەی 32 کیلۆمەترە، دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە. ئەم شوێنە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکانی بازرگانیی جیهانی، کە زیاتر لە دەیەکی نەوتی گواستراوەی جیهان لە رێگەی دەریاوە و چارەکی کەشتییەکانی گواستنەوەی کۆنتێنەری پێدا تێپەڕ دەبن.

ئێران پێشتر بە شێوەیەکی بەرچاو رێگری لە گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز کردبوو، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەژاندنی ئابووریی جیهان.

هەروەها پەککەوتنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی باب مەندەب، دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی گواستنەوە رێڕەوی کەشتییەکانیان بەرەو "رأس الرجاء الصالح" لە باشووری ئەفریقا بگۆڕن، ئەمەش تێچووەکان و نرخەکان زیاتر بەرز دەکاتەوە.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ هەینی راگەیەندرا، کە دوو فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە دوو رووداوی جیاوازدا لە ناو خاکی ئێران خرانە خوارەوە، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ئەم ململانێیەدا فڕۆکەی ئەمریکی بخرێتە خوارەوە.

ئەم رووداوەش تەنیا دوو رۆژ دوای گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی "ئێرانی تێکشکاندووە و لە رووی ئابووری و سەربازییەوە وێرانی کردووە و کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هێناوە"، هەروەها بەڵێنی دابوو "ئەرکەکە بە خێراییەکی پێوانەیی کۆتایی پێ بهێنێت".