ئەمریکا درۆنی ئێرانی بە 11 هەزار دۆلار دەخاتە خوارەوە
ئەمریکا تەکنەلۆژیایەکی نوێی سەربازیی پەرەپێداوە، بەم هۆیەوە تێچووی خستنەخوارەوەی درۆنەکان زۆر کەم دەبێتەوە، بە جۆرێک بە 11 هەزار دۆلار دەتوانرێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی تێکبشکێنرێت.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا تەکنەلۆژیایەکی نوێی دروستکردووە لە رادارێکی بچووک پێکدێت، دەخرێتە ناو سەری گوللەتۆپە ئاساییەکانەوە. لە کاتی نزیکبوونەوەی گولـلەکە لە فڕۆکەکە، بە شێوەیەکی خۆکارانە دەتەقێتەوە، بەبێ پێویستبوونی بەرکەوتنی راستەوخۆ بە ئامانجەکە. ئەم هەنگاوە کارایی و وردیی چەکە ئاساییەکان پێنج بۆ 10 هێندە زیاد دەکات.
ئەم داهێنانە نوێیە هاوکێشەی جەنگی درۆنەکان دەگۆڕێت. بەگوێرەی هەواڵەکە، خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئێرانی جۆری شاهید بڕی 30 هەزار دۆلاری پێویستە، بەڵام ئێستە پێویستی بە پێنج گوللـەی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە دەبێت، تێچووی گشتییان 11 هەزار دۆلارە.
پێشتر بۆ هەمان ئامانج موشەکی ستینگەر بەکاردەهێنرا، نرخەکەی 430 هەزار دۆلارە، یان موشەکی جۆری ئەی ئای ئێم بەکاردەهێنرا، تێچووەکەی دەگاتە ملیۆنێک دۆلار.
لە ماوەی رابردوودا بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان لە جەنگەکاندا زۆر زیادی کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. فڕۆکە دروستکراوەکانی ئێران وەک جۆری شاهید بەکارهێنانێکی زۆریان هەیە.
سوپای ئەمریکا پێشتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە، ناچار بوو سیستەمی بەرگریی زۆر گرانبەها بەکاربهێنێت، ئەمەش وای کرد تێچووی بەرگری زۆر لە تێچووی هێرشەکان زیاتر بێت. بەهۆی ئەمەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەستی بە گەڕان کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەرزان و کاریگەر.