ترەمپ ئێران دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی یەکلاکەرەوە

سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا دوا مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ یان گەرووی هورمز بکاتەوە.

شەممە، 4ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" پەیامێکی هەڕەشەئامێزی توندی ئاراستەی تاران کرد و مۆڵەتە 10 رۆژییەکەی پێشووی بەبیرهێنایەوە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن یان کردنەوەی گەرووی هورمز بۆی دیاریی کردبوو.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئایا بەبیرتان دێت کاتێک 10 رۆژ مۆڵەتم بە ئێران دا بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات یان گەرووی هورمز بکاتەوە، ئێستا کات بەرەو تەواوبوون دەچێت."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند: " ئێستا تەنیا 48 کاتژمێر ماوە پێش ئەوەی دەرگای دۆزەخ بەسەر تاراندا بکرێتەوە".

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد و گوتی: ناتۆ ئێستا بووەتە هاوبەشێکی زۆر لاواز و تا رادەیەکی زۆر جێگەی متمانە نییە". 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە پێگەی ناتۆ وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی بەهێز پاشەکشەی کردووە، ئەمەش جارێکی دیکە گومان دەخاتە سەر داهاتووی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە لە سایەی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا.

ترەمپ پەیامەکەی بە دەستەواژەی "ستایش بۆ خودا"  (Glory be to GOD) کۆتایی پێهێناوە. چاودێران دەڵێن ئەم دەستەواژەیە نیشانەی جیددیبوونی واشنتنە لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەگەر تاران هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنێت.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی هەبوونی گفتوگۆی نهێنی لە نێوان واشنتن و تاران لە ئارادابوو و، واشنتنیش چەندین جار ئاماژەی بەوە کردبوو کە زۆربەی تواناکانی پێشووی ئێران و سەرکردە باڵاکانیان لەناوچوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.