ئێران: بە سیستەمێکی نوێی بەرگری فڕۆکەکانی ئەمریکامان خستە خوارەوە

هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاند، کە سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانییان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئامانجە دوژمنکارانەکان بەکارهێناوە. بەپێی بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا توانیویانە زیانێکی زۆر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەیەنن، لەوانەش خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی F-35.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیای ئێران، لە لێدوانێکدا کە میدیای فەرمیی دەوڵەت گواستوویەتییەوە، ئاشکرای کرد، دوێنێ هەینی هێزە ئاسمانییەکانی سەر بە سوپای پاسداران (IRGC) توانیویانە فڕۆکەیەکی جەنگیی نەوەی پێنجەمی ئەمریکی لە جۆری F-35، سێ درۆن لە جۆرەکانی MQ-9 و Hermes، و دوو مووشەکی کرووز تێکبشکێنن.

زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد، کە سیستەمە بەرگرییە زەمینییەکانی سوپای پاسداران لە هەمان کاتدا توانیویانە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری A-10 و دوو هەلیکۆپتەری جۆری "بلاک هۆک" (Black Hawk) بپێکن و لە چالاکیان بخەن.

بەرپرسە سەربازییەکەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، کە بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نوێیە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە توانای بەرگریی وڵاتەکەیدا و نیشانی دەدات کە ئەوان دەتوانن تەنانەت پێشکەوتووترین فڕۆکە سیخوڕی و جەنگییەکانی ئەمریکاش راو بکەن.

تاوەکوو ئێستا واشنتن بە فەرمی هەواڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی F-35ی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام چاودێرانی سەربازی دەڵێن ئەگەر ئەم هەواڵە راست بێت، گەورەترین گورزی مێژوویی دەبێت کە بەر تەکنۆلۆژیای سەربازیی ئەمریکا بکەوێت و هاوسەنگیی هێز لە جەنگی ئێراندا بە تەواوەتی دەگۆڕێت.