عێراق دەروازەی سنووریی شەلامچەی داخست

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، عێراق دەروازەی سنووریی شەلامچەی لە باشووری وڵات لەگەڵ ئێران داخستووە. ئەمەش دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر دیوی ئێرانی دەروازەکە بووەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی عێراقی.

شەممە، 4ـی نیسانی 2026، چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ـیان راگەیاند، عێراق دەروازەی سنووریی شەلامچەی لە باشووری وڵات لەگەڵ ئێران داخستووە. 

بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر دیوی ئێرانی دەروازەکە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی عێراقی.

لە لایەن خۆیەوە، فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی بارهەڵگر و گەشتیاران لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، ئەوەش دوای تەواوبوونی کارە چاکسازییەکانی سیستمەکانی تێپەڕین و پاسپۆرت کە بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانیان پێگەیشتبوو.

هاوکات و دوای چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکەی شەلامچە، بەرپرسانی ئەمنی و پاسەوانی سنووری عێراق ئەوەشیان راگەیاند: هاتوچۆ لە دەروازەی سنووریی "سەفوان" لەگەڵ کوەیت بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.

لە لایەکی دیکەوە بازرگانان و بەرپرسانی سنووری ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دەروازەی شەلامچە یەکێکە لە رێڕەوە سەرەکییەکانی هاوردەکردنی سەوزە و پێداویستییە خۆراکییەکان لە ئێرانەوە بۆ عێراق.

هاوکات هۆشدارییان داوە کە هەر پەککەوتنێکی درێژخایەنی هاتوچۆ لەو دەروازەیەدا، کاریگەریی خێرا و راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ و نرخەکان دەبێت.