بلوومبێرگ: لە رۆژی هەینییەوە 13 کەشتی بە گەرووی هورمز تێپەڕیون

داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی ئاشکرایان کرد، کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. تێکڕای دەربازبوونی کەشتییەکان لە رۆژی هەینی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەو کاتەوە جەنگی ئێران لە 28ی شوباتی ڕابردوو دەستی پێکردووە.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی بلوومبێرگ، تەنیا لە بەیانی رۆژی هەینییەوە 13 کەشتیی گەورە بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، کە 10 کەشتییان لە کەنداو چوونەتە دەرەوە و 3 کەشتیشیان هاتوونەتە ناوەوە. هەرچەندە ئەم ژمارەیە بەراورد بە پێش جەنگ هێشتا زۆر کەمە کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی نەوت و غازی جیهان بەوێدا تێدەپەڕی، بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی هەندێک دانوستانی دیپلۆماسی بۆ کردنەوەی رێڕەوەکە تەماشا دەکرێت.

لەگەڵ زیادبوونی جووڵەی کەشتییەکان، ئێران کۆنترۆڵی سەربازی و ئیداریی خۆی بەسەر گەرووەکەدا توندتر کردووە. تاران سیستەمێکی وەرگرتنی باج یان سەرانەی بەسەر کەشتییەکاندا سەپاندووە و هەموو کەشتییە تێپەڕبوونەکان ناچار دەکات رێڕەوێکی دیاریکراوی باکوور بەکاربهێنن کە دەکەوێتە نێوان دوورگەکانی لاراک و قەشمی ئێرانی. ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات کە تاران دەیەوێت گەرووەکە وەک کارتی فشار و سەرچاوەیەکی دارایی لە کاتی جەنگدا بەکاربهێنێت

کەشتییەکی کۆنتێنەرهەڵگری فەرەنسی و تانکەرێکی غازی شلکراوەی (LNG) ژاپۆنی لە ناو لیستی ئەو کەشتییانەدا بوون کە بە سەرکەوتوویی گەرووەکەیان بڕیوە. چاودێران پێیان وایە ئەم تێپەڕبوونانە ئەنجامی دانوستانی راستەوخۆی وڵاتان یان کۆمپانیاکانی کەشتیوانییە لەگەڵ ئێران. زۆربەی کەشتییە تێپەڕبوونەکانی دیکە تانکەرەکانی غازی LPG بوون کە بەرەو هیندستان و وڵاتانی تری ناوچەکە بەڕێکەوتوون و هەندێکیشیان پەیوەندییان بە کۆمپانیا ئێرانی و چینییەکانەوە هەبووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاودێریکردنی وردی کەشتییەکان ئێستا کارێکی ئەستەمە، چونکە بەهۆی دەستێوەردان و تێکدانی سیگناڵە ئەلیکترۆنییەکان لە ناوچەی جەنگ و هەروەها کوژاندنەوەی ئامێرەکانی ناسینەوە (AIS) لەلایەن فەرماندەی کەشتییەکانەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی، زانیارییەکان بە تەواوەتی بەردەست نین. ئەمەش وادەکات ژمارەی راستەقینەی ئەو کەشتییانەی دەرباز دەبن رەنگە لەوەش زیاتر بێت کە تۆمار دەکرێت.