ئێران: گەرووی هورمز بە رووی عێراقدا کراوەیە

گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت و بەهۆی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی لە پشتیوانیکردنی تاران، هەروەها هیچ رێگرییەک لەبەردەم هاتوچۆی بازرگانیی عێراق لە گەرووی هورمز دروست ناکرێت.

شەممە، 4ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، عێراق لە هەر کۆتوبەند و رێکارێکی توند کە ئێران لە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا سەپاندوویەتی بەدەر کراوە.

زولفەقاری روونی کردەوە، کە ئەم سنووردارکردنانە تەنیا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە وەک "دوژمن" پۆلێن کراون.

گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، دەڵێت: ئێران رێزێکی زۆر لە سەروەریی نیشتمانیی عێراق دەگرێت و گەلی عێراقیش نەتەوەیەکی خۆڕاگر و بەهێزن لە بەرامبەر هەژموونی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی پشتیوانیکارانەی عێراق بۆ ئێران "بەبێ بایەخ تێنەپەڕیوە"، بەڵکو بووەتە هۆی بەهێزتربوونی ئیرادەی بۆ بەردەوامیدان بە خەبات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە جەخت کراوەتەوە، کە عێراق بەهۆی هەڵوێست و پشتیوانییەکانی، دەتوانێت دەرفەتێکی مێژوویی بقۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان داخستووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.