ئێران هۆشداری لە مەترسی دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی دەدات

وەزیری دەرەوەی ئێران، ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو هێرشانە دەربڕی کە کراونەتە سەر دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، ئەم کردەوانە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی نزیک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان مەترسییەکی گەورە و بێپێشینە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئێران و تەواوی ناوچەکەدا دروست دەکات، هەروەها جەختی کردەوە، ئەمە پێشێلکردنی سیستەمی گەرەنتییەکانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لە لێکەوتە ژینگەییەکانی ئەو هێرشانە و گوتی: "ئەم هێرشانە دەبنە هۆی دزەکردنی تیشک و پیسبوونی ئاوی کەنداو، هەوا، سیستەمە ژینگەییەکان و سەرچاوە سروشتییەکان".

لە کۆتایی نامەکەیدا، عێراقچی رایگەیاندووە، شوێنەوارە مەترسیدارەکانی تیشک تەنها لە ناوخۆی ئێراندا سنووردار نابن، بەڵکو کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بڵاو دەبنەوە.