بارەگای خاتەمولئەنبیا: هاوکێشەکانی قۆناغی دوای جەنگ وەک پێشتر نابێت

فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشییەکی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لە هەر ئاستێکدا بێت، جەختی لەوەش کردەوە، لە بەرانبەر مەترسییەکاندا تا دوا هەناسە بەردەوام دەبن لە خۆڕاگری.

یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئێران مۆدێلێکی نوێی جەنگ لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکات، کە دەکرێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ئەو گەلانەی هەوڵ بۆ سەربەخۆیی و ئازادی دەدەن، هەروەها رایگەیاند پڕۆسەی خۆڕاگری هەمیشەییە و هیچ کۆتاییەکی نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە ئێستادا لە ناو رەوشێکی جەنگدایە و ئەو سەرکەوتنەی بەدەستهاتووە بە "موعجیزەیەکی ئیلاهی" وەسفی کرد، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، هاوکێشەکانی قۆناغی دوای ئەم جەنگە بە هیچ شێوەیەک وەک پێشتر نابێت.

ئەم قسانەی عەلی عەبدوڵڵاهی فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، رێککەوتنی ئەتۆمیی پێشووی ئێران کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە واژۆ کرابوو، "خراپترین رێککەوتن" بووە و ڕێگەی بۆ ئێران خۆش کردووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو دانوستانانەی ئێستا ئیدارەکەی ئەنجامی دەدەن "تەواو پێچەوانەی" ئەوەیە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد نوێنەرەکانی راسپاردووە پەلە نەکەن لە گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە بە گوتەی ئەو "کات لە بەرژەوەندی ئەمریکایە." گوتیشی: "گەمارۆدانی ئابووری بە هەموو هێز و کاریگەرییەکەوە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنێکی فەرمی دەکرێت و واژۆ دەکرێت. پێویستە هەردوولا کاتی پێویست وەربگرن بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بە دروستی ئەنجام بدەن، چونکە نابێت هیچ هەڵەیەک هەبێت".

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بەرەو قۆناغێکی "پڕۆفیشناڵتر و بەرهەمدارتر" دەچێت، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات یان بەدەستی بهێنێت.

ترەمپ سوپاسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانییان و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوکارییانە لە رێگەی "رێککەوتننامەی مێژوویی ئیبراهیم" بەهێزتر دەبن، گوتیشی: "کێ دەزانێت، رەنگە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بیەوێت پەیوەندی بەو رێککەوتننامەیەوە بکات".