ترەمپ چۆنییەتی رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 05ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکە جەنگییەی بڵاوکردەوە کە رۆژی هەیینی، 04ـی نیسان، لە ئاسمانی ئێران تێشکێنرا بوو.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی ئەفسەرێکی زۆر ئازا و برینداری تیمی فڕۆکەی (F-15) لە قووڵایی شاخەکانی ئێران رزگار بکات. ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئێران بە ژمارەیەکی زۆر و بە توندی بەدوای ئەو ئەفسەرەدا دەگەڕان و زۆر لێی نزیک ببوونەوە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا پێش سوپای ئێران کەوتن و ئەو ئەفسەرەیان رزگار کرد، هاوکات ئاشکرای کرد ئەم ئەفسەرە عەقیدێکی زۆر رێزلێگیراوە.
روونیشی کردەوە، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە زۆر بە دەگمەن ئەنجام دەدرێن بەهۆی ئەو مەترسییە گەورەیەی لەسەر گیانی سەربازەکان و کەلوپەلە سەربازییەکان دروستی دەکات.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشترەوە، ترەمپ ئەوەی خستە روو، رزگارکردنی ئەم عەقیدە دووەم ئۆپەراسیۆن بووە و دوای ئۆپەراسیۆنی یەکەم دێت، تێیدا فڕۆکەوانی یەکەم لە رۆژی رووناکدا رزگار کرا و هێزەکانی ئەمریکا حەوت کاتژمێر بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە ماونەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکانی بە نمایشێکی سەرسوڕهێنەری ئازایەتی و توانای سوپاکەی وەسف کرد. بڕیاریشە رۆژی دووشەممە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ لە نووسینگەی خۆی لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا لەبارەی ئەم رووداوانەوە ئەنجام بدات.
دوای ئەوەی رۆژی هەیینی، 03ـی نیسان، فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمریکی لە جۆری (F-15) لەسەر ئاسمانی ئێران خرایە خوارەوە، سوپای ئەمریکا دەستبەجێ هێزێکی تایبەتی رەوانەی ناوخۆی ئێران کرد بۆ رزگارکردنی تیمی فڕۆکەکە. لەم پرۆسەیەدا چەندین فڕۆکەی ئەمریکی تێکشکێنران و لەکار کەوتن، بەڵام سەرەنجام توانرا هەردوو فڕۆکەوانەکە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان رزگار بکرێن.
ئەم رووداوانە هاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران. هێزەکانی ئەمریکا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران و لە بەرانبەریشدا تاران هەوڵ دەدات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.