وردەکاریی پێشنیازە نوێیەکەی پاکستان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، ئێران و ئەمریکا پلانێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان پێگەیشتووە، لە ئەگەری رێککەوتندا، ئەمڕۆ ئاگربەست رادەگەیەنرێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە، دانوستانەکانیش بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوەچوون.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئامادە کراوە و رەنگە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی نیسانی 2026، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، چوارچێوەی پلانەکە لەلایەن پاکستانەوە داڕێژراوە و شەوی رابردوو (یەکشەممە، 05ـی نیسان)، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی لەسەر کراوە.
پلانەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەم راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێیە و دواتر رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەری کێشەکان واژۆ دەکرێت.
سەرچاوەکە روونیشی کردووەتەوە،، "پێویستە ئەمڕۆ لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتن بکرێت." ئاماژەی بەوەش دا، رێککەوتنە سەرەتاییەکە لە شێوەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن دەبێت و لە رێگەی پاکستانەوە، وەک تەنیا کەناڵی پەیوەندیی نێوانیان، بە ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت.
سەرچاوەکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە،، ئاسیم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، "بە درێژایی شهو" لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
بەپێی پێشنیازەکە، ئاگربەستەکە دەستبەجێ کاری پێ دەکرێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە. ماوەی 15 بۆ 20 رۆژیش دیاری کراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی فراوانتر. رێککەوتنەکە، بە شێوەیەکی کاتی ناوی "رێککەوتنی ئیسلامئاباد"ـی لێ نراوە، چوارچێوەیەکی هەرێمی بۆ گەرووی هورمز لەخۆ دەگرێت و گفتوگۆی کۆتایی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە دەچێت.
رێککەوتنی کۆتایی چاوەڕوان دەکرێت پابەندبوونی ئێران لەخۆ بگرێت بە وازهێنان لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، لە بەرانبەردا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سووک دەکرێن و سەرمایە بلۆککراوەکانی ئازاد دەکرێن.
دوو سەرچاوەی پاکستانی ئاماژەیان بەوە داوە، سەرباری هەوڵە چڕەکان، ئێران هێشتا پابەندبوونی خۆی بە پلانەکەوە رانەگەیاندووە. بەرپرسانی ئێرانی پێشتر بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، تاران بەدوای ئاگربەستێکی هەمیشەیی و وەرگرتنی گەرەنتییەوەیە بۆ دووبارە هێرش نەکردنەوە سەری لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاد بووە و مەترسیی لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز دروست کردووە، کە بە خوێنبەری سەرەکیی وزەی جیهان دادەنرێت.