وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هێرشمان کردە سەر گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیایی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی نیسانی 2026، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەیان گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیایی لە ناوچەی عەسەلویە لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، لەو هێرشەدا دوو دامەزراوەی سەرەکی بەتەواوی لەکار خراون. روونیشی کردەوە، ئەو دوو دامەزراوەیە بەرپرسن لە هەناردەکردنی سەدا 85ـی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات.

کاتس ئەوەشی خستە روو، رێنوێنیی داوەتە سوپا بە هەموو هێزێکیانەوە بەردەوام بن لە لێدانی ژێرخانی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، ئیسرائیل چاوەڕێی رەزامەندیی ئەمریکایە بۆ ئەوەی پێگەکانی دیکەی وزە لە ئێران بکاتە ئامانج.

هاوکات ئاژانسی "تەسنیم" بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی پترۆکیمیا لە ناوچەی عەسەلویە لە باشووری ئێران.

ناوچەی عەسەلویە دەکەوێتە پارێزگای بووشەهر لە باشووری ئێران و لەسەر کەناراوەکانی کەنداوی فارسە. ئەم ناوچەیە بە دڵی پیشەسازیی پترۆکیمیایی و گازی ئێران دادەنرێت، ناوچەی ئابووریی تایبەتی وزەی پارس لەوێیە. 

پیشەسازیی پترۆکیمیایی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی ئێران، بەتایبەتی لە کاتێکدا هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە رووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر بووەتەوە.