گرۆسی: هێرشە بەردەوامەکانی سەر دەوروبەری بوشەهر هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگەی تەواوی ناوچەکە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) هۆشدارییەکی توند و بێپێشینەی دا لە ئەگەری روودانی کارەساتێکی تیشکدەر، دوای ئەوەی وێنە مانگە دەستکردەکان پشتڕاستیان کردەوە کە مووشەکێک لە دووری تەنیا 75 مەتر لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووەتە خوارەوە؛ هاوکات تاران ئاشکرای کرد کە وێستگەکە تا ئێستا 4 جار کراوەتە ئامانج و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، هۆشدارییەکی توندی دا دەربارەی بوونی مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر سەلامەتیی ئەتۆمی لە ناوچەکە، ئەمەش دوای ئەوەی شیکارییەکانی بۆ وێنەی مانگە دەستکردەکان پشتڕاستیان کردەوە کە گورزی لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر وەشێنراوە.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، هەڵسەنگاندنە سەربەخۆکانیان بۆ ئەو وێنانەی لە 5ی نیسان گیراون کردووە، دەریدەخەن شوێنەواری چەند گورزێکی لە نزیک وێستگەکە هەن. ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە یەکێک لە مووشەکەکان لە دووری تەنیا 75 مەتر لە پەرژینی سەرەکیی وێستگەکە کەوتووەتە خوارەوە. هەرچەندە شیکارییەکان دەریدەخەن کە خودی وێستگەکە، کە تاکە دامەزراوەی ئەتۆمیی کارای ئێرانە، زیانی راستەوخۆی بەرنەکەوتووە، بەڵام نزیکیی هێرشەکان نیگەرانییەکی جیهانیی دروست کردووە.

رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هۆشداری دا لە پاشهاتەکانی چالاکیی سەربازی لە نزیک دامەزراوەیەک کە بڕێکی زۆر سووتەمەنی ئەتۆمی تێدایە. گرۆسی رایگەیاند: "بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە نزیک بوشەهر رەنگە ببێتە هۆی رووداوێکی تیشکدەری مەترسیدار، کە کاریگەریی وێرانکەری بۆ سەر هاووڵاتییان و ژینگە لە ناوخۆی ئێران و وڵاتانی دەوروبەریش دەبێت." داواشی لە تەواوی لایەنەکان کرد پابەندی حەوت کۆڵەکە سەرەکییەکەی سەلامەتیی ئەتۆمی بن و ژێرخانی ناوەکی نەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، رەخنەی لەوە گرت بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشبکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان. ئاشکرای کرد وێستگەی بوشەهر تاوەکوو ئێستا چوار جار کراوەتە ئامانج، کە دوایین هێرشیان لە 4ی نیسان بووە و بووەتە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی ئەمنی و برینداربوونی چەند کارمەندێکی دیکە.

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هۆشداری دا، هەر لێچوونێکی تیشکدەر بەهۆی ئەم هێرشانەوە، پاشهاتی وێرانکەر و مەترسیداری بۆ سەر دانیشتووان و ژینگە دەبێت. ئاماژەی بەوە کرد تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بەس نییە و پێویستە ئاژانسەکە هەڵوێستی یەکلاکەرەوە وەربگرێت دژی ئەوەی کە ئەو بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە رووسیا دەستی بە کشاندنەوەی پسپۆڕەکانی لە وێستگەی بوشەهر کردووە، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی کە ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری روودانی کارەساتێکی ئەتۆمیی گەورەدایە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن.