موجتەبا: ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی شکستیان لە بەرەکانی جەنگ پەنایان بۆ تیرۆر بردووە
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، تیرۆرکردنی فەرماندەکانیان بە نیشانەی بێهیوایی و شکستی واشنتن و تەلئەڤیڤ لە بەرەوڕووبوونەوەی مەیدانیدا نێوبرد و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە تاوانانە ناتوانن درز بخەنە نێو بنیاتە پۆڵایینەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران.
موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتڕاست کردەوە.
رێبەری نوێی ئێران لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی فەرماندەی لیوا مەجید خادمی دەربڕی، کە وەک یەکێک لە ئەندامە کاریگەر و بێدەنگەکانی کۆمەڵگەی هەواڵگری و ئەمنیی ئێران وەسفی کرد. ژەنەراڵ خادمی کە بەرپرسیارێتییەکی باڵای لە ناو رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران هەبووە، دوای چەندین دەیە لە کارکردنی نهێنی لە بوارەکانی بەرگری و هەواڵگریدا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا.
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند کە ئەم تیرۆرە نیشانەی بێهیوایی ئەمریکا و ئیسرائیلە و گوتی: ئەمریکی-ئیسرائیلی، لە جەنگی سەپێنراو دژی گەلی ئێران و لە پلانە شوومەکانیاندا رووبەڕووی شکستی یەک لە دوای یەک بوونەتەوە، جارێکی دیکە پەنایان بۆ چەکی هەمیشەیی خۆیان کە تیرۆریزمە بردووەتەوە."
رێبەری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە کوژرانی سەرکردە سەربازییەکانیان هیچ درزێک ناخاتە ناو ریزەکانی هێزە چەکدارەکان و ئیرادەی جەنگاوەرانیان. هێزەکانی ئێرانی بە بنیاتێکی پۆڵاین وەسف کرد و رایگەیاند کە "تیرۆر و تاوان ناتوانێت هیچ پەککەوتنێک لە ئامانجە جیهادییەکانیاندا دروست بکات."