قەتەر بۆ ئێران: هێرشەکانتان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کارێکی بێمانایە

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هەڵوێستی فەرمیی دەوحەی بەرانبەر پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو راگەیاند. ئەم هەڵوێستە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر خاکی قەتەر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە پەرەسەندنانە بەرانبەر ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی بێلایەنییان گرتووەتە بەر و خۆیان لە جەنگ دوورخستووەتەوە، کارێکی بێباکانە و بێمانایە و تەنیا زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت.

ئاماژەشی داوە، وەزیری دەرەوەی قەتەر، هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و سەرچاوەکانی بژێوی گەلان و رایگەیاند: "بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت و لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، رەفتارێکی رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە." داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ململانێ سەربازییەکان بپارێزن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر دووپاتی کردەوە کە چارەسەری دیپلۆماسیی گشتگیر و هەمیشەیی تاکە بژاردەی بەردەستە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم تەنگژەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی گفتوگۆ و هێورکردنەوەی گرژییەکان بن، تاوەکوو ناوچەکە لە کارەساتی گەورەتر بپارێزرێت و ئاسایش بۆ سەرجەم وڵاتان بگەڕێتەوە.