ئیسرائیل چوار سەربازی خۆی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیر دەکات
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ماوەی چەند هەفتەیەکە چوار سەربازی سوپای ئیسرائیل دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هەواڵگریی ئێران و سیخوڕیکردن بۆ تاران.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم چوار سەربازە کە لە قۆناخی "خزمەتی زۆرەملێ"دان، پێش چەند هەفتەیەک دەستگیرکراون. پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هەستیاریی دۆسیەکە و فەرمانی قەدەخەی بڵاوکردنەوە، زۆربەی زانیارییەکان بە نهێنی هێڵدراونەتەوە، بەڵام ئاشکرای کردووە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
گومان دەکرێت ئەم سەربازانە لەسەر داوای بریکارە ئێرانییەکان کاریان کردبێت بۆ دروستکردنی ماددەی تەقەمەنی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەریان. بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم کارەی سەربازەکانیان لە کاتی جەنگدا بە هەڵکشانێکی مەترسیدار لە چالاکییە سیخوڕییەکانی پەیوەست بە ئێران وەسف کردووە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران، کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە، تادێت توندتر دەبێتەوە و کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابووری جیهانی.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە چەندین کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکردووە، کە دوایین گرووپیان پێکهاتبوو لە 20 کەس و لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەستبەسەر کرابوون.